لەفەرمودەیەكی سەحیحدا هاتووە كە پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) فەرموویەتی: شەیتان سێ گرێ لە جەستەی هەركەسێكتان دەدا و دەڵێ ڕاكشێ و بخەوە چونكە خەوەكە باشترە. پاشان ئەو باوەڕدارە دەكەوێتە نێوان دوو شتەوە، ئایا گوێ بۆ شەیتان بگرێ یان بۆ خوای گەورە. ئەگەر لەپێش نوێژی بەیانیدا هەستا ئەوە گرێی یەكەمی كردۆتەوە پاشان ئەگەر زیكری خوای كرد و دەست‌نوێژی گرت ئەوە گرێی دووەم دەكرێتەوە، ئەگەر دوای ئەوە نوێژی كرد ئەوە گرێی سێیەمیش دەكرێتەوە. ئەو كاتە هەست بە ئارامیەك و خۆشییەكی دەروون دەكا، چونكە هەست دەكا لەگەڵ خوادایە.

بەڵام ئەگەر گوێی بۆ شەیتان گرت و نوێژی بەیانی نەكرد، ئەوە جێگەی مەترسیە، چونكە نوێژی بەیانی ئەو نوێژەیە كە فریشتەكان شایەتی لەسەر دەدەن، (إِنَّ قُرْآنَ الْفَجْرِ كَانَ مَشْهُودًا) (ئیسڕا:٧٨) واتە خوێندنی قوڕئان لە بەیانیاندا شایەتیت بۆ دەدات. چونكە ئەگەر كەسێك نوێژی بەیانی نەكا دەبێتە خاوەنی نەفسێكی پیس‌ و تەمبەڵ.

بە تەجروبەش دەركەوتووە كە باشترین شت بۆ وردبوونەوە و دروستكردنی خۆشەویستی لەگەڵ قوڕئاندا دوای نوێژی بەیانییە، باشتر وایە مرۆڤ لەدوای نوێژی بەیانییەوە نەخەوێتەوە، ئەگەر خەوتیشەوە پێویستە نوێژی بەیانی كردبێت.

خاتوو عائیشە خوای لێ ڕازی بێت دەگێڕێتەوە و دەڵێ پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم) كاتێك كە شەوان بۆ شەونوێژ هەڵدەستا، ئەوەندەی نوێژ دەكرد هەتا بنە پێیەكانی هەڵدەئاوسا. منیش پێم دەوت بۆچی ئەوندە خۆت هیلاك دەكەی ئەی خوداى گەورە لە هەموو تاوانەكانت خۆش نەبووە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەیفەرموو ئەی نابێ بەندەیەكی سوپاسگوزاربم.

لێرەوە سەرنج بدەن كە پەیوەندی نێوان ئەم فەرموودەیە و ئایەتی (عباد الرحمن) و ئایەتی پێشەوەی چییە؟

یەكێك لە سیفەتەكانی (عبادالرحمن) ئەوەیە كە سوپاسگوزاری خوا دەكەن، پێغەمبەری خوا شەو بەبێ ئاگایی ناكاتەوە و بەشوكری خوا زیندووی دەكاتەوە، ئەمەش مانای ئەو وەڵامە بوو كە فەرمووی (افلا اكون عبدا شكورا؟) پێغەمبەری خوا شەونوێژی تەرك نەكردووە، بەلای كەمەوە هەموو شەوێك ١١ ڕكاعەتی كردووە. باشتر وایە كە موسوڵمان شەونوێژ دوابخات بۆ پێش نوێژی بەیانی بەنیو سەعات یان سەعاتێك یان هەر كاتێك كەخۆی حەز بكات.

هەندێك لەپیاو چاكانی پێشوو نوێژی وتریان دوادەخست بۆ پێش نوێژی بەیانی هەتا خێری هەموو شەوەكانیان دەست بكەوێت. 

لەفەرموودەیەكدا (متفق علیە) پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) فەرموویەتی: عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر باشترین پیاو بوو ئەگەر شەونوێژی بكردایە، كاتێك كە ئەو هەواڵەی بیست هەتا مرد شەونوێژی تەرك نەكرد.

 

پاش ئەوەی زانیمان كە سیفەتەكانی (عباد الرحمن) چین لە ڕوانگەی ئەو ئایەتەوە كە باسمان كرد، ئەو كاتە دەتوانین بڵێین بەڵێن بدەین كە ئەو ئایەتە جێبەجێ بكەین و بڵێن خوایە گیان ئەوە بەڵێنم دا كە لە (عباد الرحمن) بم ئەمەش كارێكی گران نیە.

ئەگەر بیەوێت ئەم كارەش بكات ئەوە كارێكی گران نیە، چونكە پاداشتێكی زۆری بەردەكەوێت‌ و دەبێتە خاوەنی ئاسوودەیی لەدنیا و دوارۆِژدا.

ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بەوە هەیە كە بگەڕێینەوە بۆ قوڕئان، چونكە ڕوونترین ‌و پاكترین سەرچاوەی ژیانە، ئەو سیفەتانەش كە باسمان كرد چارەسەر بۆ هەموو ئەو گرفتانەی كە هەمانەو هەر ئەمەشە عیزەتمان بۆ دروست دەكات بەرامبەر بەدوژمنان، خاكی ‌و ملكەچ دەبین بەرامبەر بڕواداران.

 

دکتۆر عەلى قەرەداغى

ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان

سەرۆکى رێکخراوى رابیتەى مرۆیى